بێژەن جەزا: داوای رێنمایی لە پەرواز و عەممار دەكەم

بێژەن جەزا دەبێتە سێیەم گەنجی كورد كە بەشداریی بەرنامەی بەنێوبانگی كەناڵی MBC عەرەب ئایدڵ دەكات، ئێستاش چاوەڕێی بانگهێشتی بەرنامەكەیە بۆ بەشداریكردن لە قۆناغێكی دیكە و دەڵێت “ئەگەر لەم قۆناغە دەرچووم، دەچمە قۆناغی پەخشی راستەوخۆ. ئەو كاتەش بەشدارییەكە لە حەزەوە دەبێتە ئەرك”.

بێژەن جەزا، ساڵی 1990 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە. خوێندكاری قۆناغی سێیەمی بەشی موزیكە لە كۆلێژی هونەری زانكۆی سلێمانی و لە بواری مەقامات و دەنگ دەخوێنێ.  بێژەن جەزا دەبێتە سێیەم گەنجی كورد كە بەشداری لە بەرنامەی عەرەب ئایدڵدا دەكات، ئەو ئێستا تاكە كاندیدی هەرێمی كوردستانە لە بەرنامەكەدا.

بەرنامەی عەرەب ئایدڵ كە بەهرەداران لە بواری هونەردا پێدەگەیەنێت، یەكێكە لە بەرنامە بەنێوبانگەكانی كەناڵی MBCی لوبنانی و ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبییەوە گەنجان بەشداریی تێدا دەكەن. پێشتریش هونەرمەندان پەرواز حوسێن و عەممار كوڤی كە بەشدارییان لە بەرنامەكەدا كردووە، گەیشتوونەتە قۆناغەكانی پێش كۆتایی. لەم وەرزەی بەرنامەكەشدا بەهرەمەندێكی دیكەی كورد بەختی خۆی تاقی دەكاتەوە، ئەویش بێژەن جەزایە.

50 ئاواز و هۆنراوەی هەیە

بێژەن جەزا تەمەنێكی كەمی پڕ لە بەرهەمی هەیە. ئەو دەڵێت سەرەتا بە بەرهەمی فۆلكلۆر دەستی پێكردووە و زۆرتریش حەزی لە مەقامە. بێژەن دەڵێت “زیاتر شارەزاییم لە بواری مەقاماتدا هەیە. ساڵانە چەندین گەنج فێری مەقام دەكەم. تاوەكو ئێستا نزیكەی 50 هۆنراوە و ئاوازم هەیە كە هەندێكیانم بە گۆرانیبێژانی دیكە داوە”. دوایین بەرهەمی بێژەن گۆرانییەك بوو بە نێوی سەفەر.

بێژەن دەڵێت “راستە تەمەنم كەمە، بەڵام كات بەفیڕۆ نادەم، بۆیە توانیومە ئەو هەموو ئاوازە دابنێم”. ئەو ژەنیاری عودە و بۆ دانانی ئاوازەكانی سوود لەو ئامێرە دەبینێ‌.

بێژەن هەندێك لە ئاوازەكانی داون بە هونەرمەندانی دیكە و لەوبارەیەوە دەڵێت “نزیكەی دوو ساڵە ئاواز و هۆنراوە دەدەمە هونەرمەندان، بە تایبەتی ئەوانەی توانایان كەمە، هەندێك لەوانە ئاواز و گۆرانییەكانیان تۆمار كردووە، بەڵام رەنگە نەیانتوانیبێ‌ كلیپی بكەن”.

بێژەن زۆرتر خووی داوەتە فۆلكۆر و بۆ ئاواز و هۆنراوەی گۆرانییەكانی سوودی لێوەردەگرێ‌، بەڵام دەڵێت مەرج نییە تاوەكو كۆتایی لەسەر ئەو رێچكەیە بڕوات  “خۆم بە ستایلێكەوە نابەستمەوە و لەگەڵ ستایلی سەردەمدا دەڕۆم”.

لە نێو 1200 كەس دەرچوو

بێژەن جەزا ئێستا دەیەوێ‌ لە رێگەی بەرنامەیەكی هونەرییەوە بەهرەكانی خۆی دەربخات. ئەویش وەرزی نوێی بەرنامەی عەرەب ئایدڵە كە ئێستا لە كەناڵی mbc دەستی پێكردووە.

بێژەن جەزا باسی چۆنیەتی بەشداریكردنی لەو بەرنامەیە دەكات و دەڵێت “پێشتریش دەمویست لە وەرزەكانی بەرنامەكەدا بەشداری بكەم، بەڵام دەرفەت نەبوو. رۆژی 14/6/2015دا لە شاری هەولێر بە بەشداری نزیكەی 1200 كەس، لەگەڵ شەش گەنجی كورد و سێ‌ گەنجی عەرەب لە تێستی دەنگ دەرچووین. مانگی دواتر لە لوبنان لە تاقیكردنەوەی ئەدای دەنگ، تەنیا من دەرچووم”.

بێژەن لە تێستی ئەدای دەنگدا گۆانییەكی خۆی و مەقامێكی هونەرمەند تایەر تۆفیقی بەناوی وەیلێ‌ زاڵم گوتووە. ئەو دەڵێت “ئامادەكاریی زۆرم كردبوو كە بتوانم لە 30 تا 40 چركە سەرنجیان رابكێشم، پاشان گۆرانیی یەكەمم بە ستایلێكی نوێ‌ گوت، گۆرانیی دووەمیش كە گۆرانییەكی تایەر تۆفیق بوو، ستایلی كۆنە، تێكەڵكردنی ئەو دوو ستایلەیان بەلاوە جوان بوو”. بە گوتەی بێژەن ستافی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ زۆر خۆشحاڵ بوون بەوەی كە وەكو وەرزەكانی رابردوو، لەو وەرزەشدا كوردێك لە بەرنامەكە بەشدارە.

سەبارەت بە قۆناغەكانی بەرنامەكەش گوتی “ئەمجارەش بەشداریی بەرنامەكە دەكەمەوە كە بەشێوەی تۆماركراو گۆرانییەكان دەڵێین، ئەگەر لەو قۆناغە دەرچووم ئەوا دەچمە قۆناغی پەخشی راستەوخۆ”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *